![]() |
![]() |
![]() |
![]() |
![]() |
رهنج

بەناوى ئازادیەوە نیشتیمانتان کرد بە زیندان
بەڵێنبوو بن بە ڕوناکى و کەچى ڕۆژتان لێمان تۆران
سەدان ساڵ بوو کورد زمانى بەندکرابوو
خۆهاتن ڕزگاریبکەن!
بڕیارنەبوو بەر لە سنورى کوردستان
سنور بۆ ئازادى نوسین دیاریبکەن
گەر ڕۆژنامە بێدەنگ بکرێ
هێدى هێدى زیندانەکانیش دێنەوە
زڕەى زنجیرەکانى زوو دیسان ئەبیسترێنەوە
جاران لەناو سرودەکانى ئێوەدا
ئاى(خوایە وەتەن ئاوابێ) چەنێ جوان بوو
گەرچى کوردستانمان نەبوو
بەڵام ناو دڵى هەموومان کوردستان بوو
ئێستە کارێکتان کردووە، کە بە ئاڵا بڵێن پەڕۆ
بەشەهید بڵێن ڕەنجەڕۆ
کوڕى تاقانە سەرى خۆى هەڵئەگرێت و
دایکى قرچەى جگەرى دێ و ناڵێ مەڕۆ
کوردستانەکەى ناو دڵمان ئێستە بووە بە جانتاى شان
بە هەنسکى گریانەوە لاوان ئەیبەن بۆ هەندەران
کەچى هێشتا، ئەتانەوێ رۆژنامەکان
بکرێنەوە بە سفرەى خوان
ئەتانەوێ لەمە بەدوا کەس رۆژنامە نەکڕێتەوە
کچى کوردى دیلى ناو ماڵ پەنجەرەى پێ بسڕێتەوە
ئازادى دیل ئەکەنەوە بەزەبرى یاساو بە مادە
ئەتانەوێ ئیتر ڕاستى نەبینرێ لەسەر جادە
ئەتانەوێ چى مانشێتى رۆژنامەیە
هەرهەمووى هەر ستایش بێ
هەرچى کە ئێوە ئەفەرموون
بۆ نەتەوە تەنیا ئەوە ئاسایش بێ
ئەتانەوێ دیسان دانەکانى پێشوو رۆکەنەوە
رۆژنامە نیگەرانەکان کۆکەنەوە
ئێوەش ئەگەر ئەتانەوێ پەرلەمان بن
ئەگەر هاتوون تا زمانى میللەتێکى بێزمان بن
گەر ئەتانەوێ ویژدان بن
ئەگەر حەز ئەکەن فرمێسکى چاوى دایکى شەهیدان بن
سوێنتان ئەدەم، بە خوێنى گەشى شەهیدان
بەپیرۆزى ناوەکەى پێشمەرگەى جاران
رۆژنامەکان ترسناکن
یاخود ئەو کاربەدەستانەى کەوا لەم گەلە بێباکن؟
ئاگام لێیە
ئەتانەوێ رۆژنامەکان بکەنەوە بە پێشانگاى وێنەى سەرۆک
ئەتانەوێ پێنووس بخەنەوە سەر چۆک
لەمەبەدوا گەر ببینن پێنوسێ هەبێ بزێوبێ
جاروبارێ ڕەخنەیەکى لەسەر لێو بێ
ڕەنگە لیژنەیەک سازبکەن
تا بزانن ئەو پێنوسە کە قاچاخە
چۆن هاتووە و هى کام مەرزە
ڕەنگە بڕیارێ دەر بکەن
هەربازرگانێ بۆ ئێرە پێنووس بێنێ
ئەبێ لە کارگە پێى بڵێ
ستایشى ئێوە فەرزە
| مـيـوانی سهرهێڵ |
|---|